لەسەرەتاوە پێویستە ئەوە بزانین کە گرێبەستی هاوسەرگیری (مارەبڕین) بە شێوەیەکی گشتی لە ئیسلامدا وەک پەیمانێکی پیرۆز، گەورە و قورس هەژمار کراوە، بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کە ئەم پەیمانە لە قورئانی پیرۆزدا بە ناوی (ميثاقاً غليظاً) هاتووە، واتە: پەیمانێکی توندوتۆڵ، یان بەڵێنێکی قورس، هەروەها تەڵاقیش وەک دوا چارەسەر دانراوە بۆ ئەو کێشانەی کە بژاردەی پێکەوەژیان مەحاڵ و ئەستەم دەکەن.
بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، دیاردەیەک لەناو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا سەری هەڵدا کە بریتییە لە ،سوێندخواردن بە تەڵاق، لەم دیاردەیەدا، تەڵاق لە ناوەڕۆکە شەرعییەکەی خۆی (کە کۆتاییهێنانە بە ژیانی هاوسەرگیری) داماڵراوە و کراوە بە ئامرازێک بۆ هەڕەشەکردن، چاوسوورکردنەوە، یان ناچارکردنی کەسێک لەسەر کردن یان نەکردنی شتێک، ئەگەرچی ئەم بابەتە قسەهەڵگری زۆرە، بەڵام بەندە هەوڵ ئەدەم بە کورتی و پوختی بۆ ئێوەی بەڕێزو خۆشەویست ڕوون بکەمەوە ، هیوادارم تا کۆتایی لەگەڵم بن و بابەتەکە بە تەواوی بخوێننەوە، چونکە زۆر گرنگە و جێگەی سوود و قازانجە.
یەکەم: لەسەرتاوە پێویستە پێناسەی ئەم دیاردەیە بکەین بۆئەوەی خوێنەری بەرێز زیاتر لێیەوە حالی بەبێت:
لە ڕووی زانستی و شەرعییەوە بەم کارە دەوترێت (الحلف بالطلاق) یان (الطلاق المُعَلَّق)، واتە هەڵواسینی تەڵاق بە مەرجێک یان ڕووداوێکەوە، لەم حاڵەتەدا کەسەکە مەبەستی جیابوونەوە نییە لە خێزانەکەی، بەڵکو مەبەستیەتی کەسێک یان خۆی هان بدات بۆ کارێک، یان ڕێگری بکات لە کارێک، یان ڕاستگۆیی خۆی بسەلمێنێت.
بۆ نموونە، دەڵێت، تەڵاقم کەوتبێت ئەگەر ئەو کارە نەکەم، یان ژنەکەم تەڵاقی کەوتبێت ئەگەر فڵانە شت وا نەبێت.
دووەم: مێژووی سەرهەڵدانی سوێندخواردن بە تەڵاق (کەی و بۆچی پەیدا بوو؟)
ئەمە گرنگترین تەوەری بابەتەکەیە، لە ڕووی مێژووییەوە، سوێندخواردن بە تەڵاق لە سەردەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم ) و سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشدین (ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان، عەلی) بە هیچ شێوەیەک بوونی نەبووە، لەو زەمانەدا، عەرەب سوێندیان بە ناو خوای دروست كراو دەخوارد، وە تەڵاق تەنها بۆ کاتی جیابوونەوەی ڕاستەقینە بەکاردەهێنرا.
مێژووی سەر هەڵدانی سوێند بە تەڵاق کەی پەیدا بوو؟
ئەم دیاردەیە سەرەتا لە سەردەمی دەوڵەتی ئەمەوی (بەتایبەت لە سەردەمی حەجاجی کوڕی یوسف) و دواتر لە دەوڵەتی عەبباسیدا سەری هەڵدا، بۆ زانیاریی بەڕێزتان، دەوڵەتی ئەمەوییەکان بۆ ماوەی (٨٩) ساڵ حوکمیان کردووە (لە ساڵی ٦٦١ی زایینی/٤١ی کۆچی دامەزراوە، و لە ٧٥٠ی زایینی/١٣٢ی کۆچی کۆتایی هاتووە، پایتەختەکەی دیمەشق بووە).
لەبەرامبەردا، دەوڵەتی عەباسییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر کە (٥٠٨) ساڵە حوکمیان کردووە (لە ٧٥٠ی زایینی/١٣٢ی کۆچی دامەزراوە، و لە ١٢٥٨ی زایینی/٦٥٦ی کۆچی بە دەستی مەغۆلەکان کۆتایی هاتووە، پایتەختەکەی بەغدا بووە).
بەداخەوە، کاتێک عەباسییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، نەک هەر ئەم نەریتەی ئەمەوییەکانیان لانەبرد، بەڵکو زۆر بە توندتریش بەکاریان هێنایەوە بۆ ئەوەی خەڵک نەوێرن شۆڕشیان لێ بکەن، لە سەردەمی عەباسییەکاندا ئەم سوێندە کێشەیەکی گەورەی شەرعی و سیاسی لێکەوتەوە، کە یەکێک لە بەناوبانگترین ڕووداوە مێژووییەکان بەهۆیەوە ڕوویدا:
لە سەردەمی خەلیفەی عەباسی (ئەبوجەعفەری مەنسوڕ)، فەرمانڕەواکان خەڵکیان ناچار دەکرد بە زۆر سوێندی تەڵاق بخۆن کە خیانەت ناکەن، خەڵکەکە چوونە لای ئیمامی مالیک و پرسیاریان کرد کە ئایا ئەگەر کەسێک بە زۆر سوێندی پێ خورابێت و پەیمانەکە بشکێنێت، ژنەکەی تەڵاق دەکەوێت؟ ئیمامی مالیک (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) فەرموودەیەکی پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم ) خوێندەوە کە دەفەرموێت: (ليس على مستكره طلاق)، واتە: (کەسی ناچارکراو و زۆرلێکراو تەڵاقی ناکەوێت).
خەلیفەی عەباسی ئەم فەتوایەی پێ زۆر مەترسیدار بوو، چونکە بەو فەتوایە بەیعەت و پەیمانی دەسەڵاتەکەی هەڵدەوەشایەوە و خەڵک ئاسانتر دەیانتوانی شۆڕش بکەن بێ ئەوەی بترسن ژنەکانیان تەڵاق بکەوێت، بۆیە خەلیفە فەرمانی دا بە گرتنی ئیمامی مالیک و زۆریان لێدا و ئەشکەنجەیان دا تەنها لەسەر ئەوەی ئەو فەتوایەی دابوو، پاشان ئەم دیاردەیە نەک کۆتایی نەهات، بەڵکو وردە وردە بووە نەریتێکی کۆمەڵایەتی و تا ئەمڕۆش لەناو بەشێک لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا ماوەتەوە.
تێبینی: 1.
ژیانی ئیمامی مالک ، رەحمەتی خوای لێ بێت، دابەش دەبێت بەسەر ئەو دوو سەردەمەی خوارەوە:
١- سەردەمی ئەمەوییەکان:
ئیمامی مالیک لە ساڵی (٩٣ی کۆچی) لەدایکبووە، لەو کاتەدا دەوڵەتی ئەمەوی فەرمانڕەوایەتی دەکرد، واتە قۆناغی منداڵی و گەنجی و سەرەتای وەرگرتنی زانست و پێگەیشتنی ئیمامی مالیک لە سەردەمی ئەمەوییەکاندا بووە، تا ئەوکاتەی دەوڵەتی ئەمەوی لە ساڵی (١٣٢ی کۆچی) ڕووخا، واتە نزیکەی ٣٩ تا ٤٠ ساڵی تەمەنی لە سەردەمی دەوڵەتی ئەمەویدا بەڕێکردووە.
٢- سەردەمی عەباسییەکان:
دوای ساڵی (١٣٢ی کۆچی) کە دەوڵەتی عەباسی دامەزرا، ئیمامی مالیک ژیانی لەژێر سایەی ئەو دەوڵەتەدا بەردەوام بوو، قۆناغی بڵاوبوونەوەی زانستەکەی و ناسرانی وەک گەورە زانای مەدینە (إمام دار الهجرة) لەم سەردەمەدا بووە.
کەوابوو ، ئیمامی مالیک لە سەردەمی خەلیفە (ئەبو جەعفەری مەنسوور)دا ژیاوە، کە دووەم خەلیفەی عەباسییەکان بووە، تەنانەت ئەبو جەعفەری مەنسوور لە کاتی حەجکردندا چاوی بە ئیمامی مالیک کەوتووە و داوای لێکردووە کتێبێک لەسەر فەرموودە و فیقهـ بنووسێت بۆ ئەوەی خەڵک لەسەری کۆبکاتەوە، کە ئەمەش بووە هۆی نووسینی پەڕتووکە بەناوبانگەکەی بە ناوی (الموطأ).
کەوابوو: ژیانی ئیمامی مالیک بریتی بووە لە (٨٦ ساڵ)، نزیکەی نیوەی تەمەنی لە سەردەمی ئەمەوییەکان بووە و نیوەکەی تریشی لە سەردەمی عەباسییەکان بووە.
بۆچی سوێند بە تەڵاق پەیدا بوو؟،هۆکارەکانی سەرهەڵدان.
١- هۆکاری سیاسی (أَيمان البيعة)،کاتێک ململانێی سیاسی زۆر بوو، دەسەڵاتدارانی ئەمەوی و عەبباسی متمانەیان بە خەڵک نەما کە بەیعەتیان (پەیمانی دڵسۆزی) پێ بدەن، بۆیە جۆرە سوێندێکیان داهێنا کە پێی دەوترا (أيمان البيعة – سوێندەکانی بەیعەت). ناچاریان دەکردن بڵێن، ئەگەر خیانەت لە خەلیفە بکەم، ئەوا هەموو سامانەکەم خێر بێت، کۆیلەکانم ئازاد بن، وە ژنەکانم تەڵاقیان کەوتبێ، ئەمە یەکەمین دەرکەوتنی بەکارهێنانی تەڵاق بوو وەک سوێند.
٢- لاوازبوونی ئاستی ئایینی: کاتێک خەڵک بینیان دەسەڵاتداران ئەمە دەکەن، وردە وردە گواسترایەوە بۆ ناو خەڵکی عەوام و بازاڕ. خەڵک متمانەیان بە سوێندخواردن بە خوا نەما (چونکە دەیانبینی خەڵک بە ئاسانی درۆ بە ناوی خواوە دەکەن)، بۆیە بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەیان باوەڕیان پێ بکات، سوێندیان بە قورسترین شت دەخوارد کە تەڵاقدانی خێزانەکانیان بوو.
سێیەم: سوێند بە تەڵاق لە ڕوانگەی شەرع و ڕای هەر چوار مەزهەبەکەوە.
لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە سوێندە لە قورئان و فەرموودەدا دەقی ڕاستەوخۆی لەسەر نەبووە (چونکە دواتر پەیدا بووە)، زانایان خیلافیان تێدا کردووە:
١- ڕای هەر چوار مەزهەبەکە (حەنەفی، مالیکی، شافعی، حەنبەلی):
بە کۆدەنگی هەر چوار پێشەواکە (ئەبوحەنیفە، مالیک، شافعی، ئەحمەد)، سوێندخواردن بە تەڵاق حەرامە و بیدعەیە، بەڵام ئەگەر کەسێک کردی و ئەو مەرجەی کە داینابوو ڕوویدا، ئەوا تەڵاقەکە دەکەوێت (يقع الطلاق).
لەبەرئەوەی پیاو خۆی دەسەڵاتی تەڵاقی هەیە، کاتێک وشەی تەڵاقی بەستەوە بە مەرجێکەوە، ئەوا وشەکەی بەکارهێناوە، بۆیە باجەکەی دەبێت بدات و تەڵاقەکەی دەکەوێت بۆ ئەوەی خەڵک یاری بەم پەیمانە پیرۆزە نەکەن.
٢- ڕای شيخ الإسلام ،ابن تيمية، وابن القيم، و زۆربەی یاسا و فەتوای سەردەم:
شێخولئیسلام ئیبن تەیمییە (ڕەحمەتی خوای لێ بێت)، لێکۆڵینەوەیەکی زۆر وردی لەسەر ئەم بابەتە کرد و شۆڕشێکی گەورەی لەم مەسەلە فیقهییەدا بەرپا کرد، ئەو ڕایگەیاند کە دەبێت سەیری (نیەتـ)ـی کەسەکە بکرێت:
ئەگەر نیەتی جیابوونەوە بوو، تەڵاقەکە دەکەوێت.
ئەگەر نیەتی تەنها سوێندخواردن، هەڕەشە، یان جەختکردنەوە بوو (مەبەستی جیابوونەوە نەبوو):ئەوا ئەمە تەڵاق نییە، بەڵکو حوکمی سوێندی هەیە (يَمين)،تەنها کەفارەتی سوێندی دەکەوێتە سەر (کە پێدانی خواردنە بە ١٠ هەژار) و تەڵاقەکە ناکەوێت.
هۆکاری ئیبن تەیمییە، دەڵێت عەرەب لە سەردەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم ) ئەمەی نەزانیوە، وە بنەمای کارەکان بەپێی نیەتە (إنما الأعمال بالنيات)، ناکرێت خێزانێک کە چەندین منداڵیان هەیە هەڵبوەشێتەوە لەسەر شتێکی بچووک کە پیاوەکە لە کاتی توڕەییدا وەک سوێند بەکاری هێناوە.
لە ئێستادا، زۆربەی لیژنەکانی فەتوا لە جیهانی ئیسلامی، و دادگاکانی باری کەسی (لەوانەش لە هەرێمی کوردستان)، کار بە ڕای (ئیبن تەیمییە) دەکەن بۆ پاراستنی قەوارەی خێزان لە داڕمان، هەرچەندە ئەگەر فەتوای زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستانیش نووسراوی تایبەتی خۆیان بۆ هاووڵاتیان هەبێت (لەسەر کەوتنی تەڵاقی سێ بەسێ بە یەک جار)، بەڵام دادگاکانی کوردستان کاری کرداری بە ناوەڕۆکی ئەو نووسراوەی فەتوای زانایان ناکەن، بەڵکو ئەوانیش وەک تەواوی دەوڵەتانی کەنداو، تورکیا، سعودیە، کوێت و زۆری تر، لەم مەسەلەیەدا کار بە پێچەوانەی مەزهەبی شافعی دەکەن.
بەندە پێم خۆشە مامۆستایانی خۆمان سەیری پەرتووکی (الفقه الإسلامي وأدلته)،بەرگی ٩، لاپەڕە ٦٩٣٥ بکەن، شتێکی زۆر بەسوود و جوانی تێدایە، هیوادارم مامۆستایانی بەڕێز ئەم بابەتە بخوێننەوە.
قسەی کۆتایی:
سوێندخواردن بە تەڵاق نەریتێکی دزێوی مێژووییە و میراتی سەردەمە تاریکەکانی ململانێی سیاسییە، نەک شەریعەتی پاکی ئیسلام، لە ڕووی شەرعییەوە کارێکی قەدەغەکراوە و یاریپێکردنە بە ئایەتەکانی خوا، هەرچەندە زانایانی پێشین زۆر توند بوون تێیدا بۆ ڕێگریکردن لێی، بەڵام زانایانی لێکۆڵەر سەلماندوویانە کە ئەگەر تەنها بۆ سوێند بێت، بە تەڵاق هەژمار ناکرێت و تەنیا کەفارەتی دەوێت.
تێبینی:2،
جیاوازی نێوان سوێندخواردن بە تەڵاق و تەڵاقی هەڵواسراو،
لە شەریعەتی ئیسلامیدا، جیاوازییەکی زۆر ورد و گرنگ هەیە لە نێوان سوێندخواردن بە تەڵاق (الحلف بالطلاق) و تەڵاقی هەڵواسراو یان مەرجدار (الطلاق المعلق)، هەردووکیان لە ڕووی دەربڕینەوە زۆرجار وەک یەک دەردەکەون، بەڵام جیاوازییە سەرەکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ نییەت و مەبەستی مێردەکە لە کاتی قسەکردندا.
أ- تەڵاقی هەڵواسراو یان مەرجدار (الطلاق المعلق)
پێناسە، بریتییە لە بەستنەوەی کەوتنی تەڵاق بە ڕوودانی مەرجێک یان کارێکی دیاریکراوەوە.
نییەت (مەبەست)، مێردەکە بەڕاستی مەبەستیەتی ژنەکەی تەڵاق بدات ئەگەر ئەو مەرجە یان ئەو کارە ڕووبدات، واتە ئەگەر مەرجەکە هاتە دی، مێردەکە نایەوێت ژنەکەی لەلای بمێنێتەوە.
نموونە، پیاوێک بە ژنەکەی دەڵێت، ئەگەر قسە لەگەڵ فڵانە کەس بکەیت، ئەوا تۆ تەڵاقت کەوتەبێت ، لە دڵی خۆیدا مەبەستی ئەوەیە کە ئەگەر ژنەکەی ئەو کارە بکات، ئیتر نایەوێت ببێتە ژنی و بەڕاستی لێی جیادەبێتەوە.
حووکمەکەی، ئەگەر مەرجەکە هاتە دی، بە یەکدەنگی زانایان تەڵاقەکە دەکەوێت.
ب- سوێندخواردن بە تەڵاق (الحلف بالطلاق)
پێناسە، بریتییە لە بەکارهێنانی دەستەواژەی تەڵاق وەک سوێندێک بۆ هاندانی ژنەکە بۆ کردن یان نەکردنی کارێک، یان بۆ ڕێگریکردن لێی، یان بۆ جەختکردنەوە لەسەر ڕاستیی شتێک.
نییەت (مەبەست)، مێردەکە بە هیچ شێوەیەک مەبەستی تەڵاقدان نییە و نایەوێت لە ژنەکەی جیا ببێتەوە، بەڵکو تەنها دەیەوێت بەکارهێنانی وشەی تەڵاق وەک هەڕەشەیەک یان فشارێک بەکاربهێنێت.
نموونە، پیاوێک بە ژنەکەی دەڵێت، ئەگەر بڕۆیت بۆ فڵانە شوێن، تەڵاقت کەوتبێت بەڵام لە دڵیدا تەنها مەبەستی ئەوەیە بیترسێنێت بۆ ئەوەی نەچێت، وە ئەگەر هەر بچێتیش، پیاوەکە ئامادە نییە ژنەکەی تەڵاق بدات و خۆشی دەوێت.
حووکمەکەی:
– زۆربەی زانایانی پێشین (الجمهور)،پێیان وایە تەڵاقەکە هەر دەکەوێت.
– ئیبن تەیمییە، ئیبن قەییم و لیژنەکانی فەتوای سەردەم، پێیان وایە ئەمە وەک سوێند (یمین) هەژمار دەکرێت، تەڵاق ناکەوێت، تەنها کەفارەتی سوێندخواردن (كفارة يمين) دەکەوێتە سەر پیاوەکە.
– ئیمامی نەوەوی لە پەرتووکی (المنهاج)دا دەفەرموێت: (والحلف بالطَّلاقِ، ما تعلَّقَ به حثُّ أو مَنْعٌ أو تَحْقيقُ خَبَرٍ)، واتە: سوێندخواردن بەتەڵاق ئەوەیە پێیەوە هەڵبواسرێت (حثّْ) هاندان لەسەر کارکردنێک، (أو منع) یان قەدەغەکردن لە کارکردنێک، (أو تحقيق خَبَرٍ) يان لێکۆڵێنەوەی راستیی هەواڵێک.
تێبینی3.
بابەتەکانی تەڵاق زۆر هەستیارن و پەیوەستن بە وردەکاری کات و دەربڕین و نییەتی کەسەکەوە، بۆیە زۆر پێویستە پرسیار لە لیژنەکانی فەتوا بکرێت بۆ فەتوای دروست).
تێبینی:4.
ڕای و بۆ چوونی ئیبن حەجەر، لە (تحفة)دا دەفەرمووێت، ئەگەر کەسێک وتی بە تەڵاقم ئەو شتە ناکەم، و لە پاشان شتەکەی کرد، ئەوە تەڵاقەکەی ناکەوێت، چونکە عادەت نییە سوێند بە تەڵاق بخورێت مەگەر نیازی تەڵاق بێت، بڕوانە: شەریعەتی ئیسلام، بەرگی ٣، لاپەڕە ٤٠٠، چاپی ١، ساڵی ١٩٧٠، بەغدا، مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس).
هەروەها لە پەرتووکی (ڕۆناکی رَبِّ العالمین)ـی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا عەبدولعەزیز هەرتەلییش هاتووە، ئەگەر کەسێکی خاوەن ژن بڵێ، بە تەڵاقم ئەو کارە ناکەم، یان بە هەرکەسێک تەڵاقم ئەو کارەم نەکردووە، ئەوەش نابێتە سوێند، واتە: کارەکە بکا یان نەیکا، یان کردبێتی، بە هیچ جۆرێک تەڵاقی ناکەوێ، هەرچەند نییەتی تەڵاقدانیشی هەبێ، هەروەک لە پەرتووکی الأنوار و تحفةـی ابن حجر باسکراوە، (بڕوانە، پەرتووکی، ڕۆناکی رب العالمین ، بەرگی ٤، لاپەڕە ٣٩٥).
تێبینی:5 .
ئەم بابەتە لەناو سەرچاوەکانی مەزهەبی شافعیدا،
لە مەزهەبی شافعیدا (و هەر چوار مەزهەبە سەرەکییەکە)، هیچ جیاوازییەک ناکرێت لە نێوان سوێندخواردن بە تەڵاق و تەڵاقی هەڵواسراو، ئەگەر پیاوێک سوێند بە تەڵاق بخوات بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن، لە ڕوانگەی فیقهی شافعییەوە ئەمە وەک (مەرج – تعليق) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە هاتنەدی مەرجەکە تەڵاقەکە دەکەوێت، ئەمەش بەڵگەکانە لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی مەزهەبی شافعییەوە:
١- (الأم)، الإمام الشافعي: وكل حلف بطلاق، أو عتاق، أو مشي إلى بيت الله، أو صدقة، فهو يمين يحنث فيها، فيلزمه ما جعل على نفسه إن حنث، واتە: ئەگەر سەرپێچی کرد، ئەوەی خستوویەتیە سەر خۆی (کە تەڵاقەکەیە) پێویست دەبێت لەسەری.
٢- (المهذب)، الشيرازي، فإن علق الطلاق بصفة مثل أن يقول: إن دخلت الدار فأنت طالق، وقع الطلاق بوجودها.
٣- (روضة الطالبين)، النووي، إذا علق الطلاق بصفة، لم يقع في الحال، بل يقع عند وجود الصفة.
٤- (مغني المحتاج)، الخطيب الشربيني،(ومن علق طلاق زوجته بصفة).(وقع بوجودها) لقوله صلى الله عليه وسلم ،المؤمنون عند شروطهم.
٥- (تحفة المحتاج)، ابن حجر الهيتمي،(ومن علق طلاقاً) أو عتاقاً (بصفة) – (وقع بوجودها) عملاً بالتعليق.
٦- (نهاية المحتاج)، الرملي،(ومن علق طلاقاً بصفة) – (وقع) الطلاق (بوجودها).
٧- (إعانة الطالبين)، الدمياطي، ولا تنعقد (اليمين) بغير اسم الله تعالى – ولا تنعقد بالطلاق والعتاق، بل يقعان عند المخالفة .
تێبینی (٤)،
سوێندخواردن بە (تەعلیق – هەڵواسین) لە ڕوانگەی شەرعەوە، سوێندخواردن بە شێوەی (ئیسبات – چەسپاندن) بە (نەفی – نەرێ) هەژمار دەکرێت، وە هەروەها سوێندخواردن بە شێوەی (نەفی) بە (ئیسبات) هەژمار دەکرێت، ئەوەی مەلای باش نەبێت لەو بابەتە باش تێناگات، بۆیە پێویستە پەرتووکی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس بخوێنیتەوە و با تەکەبور (لووتبەرزی) نەیگرێت، مامۆستا زۆر بە جوانی بە شیعر ئەم بابەتەی باس کردووە:
١- هەر سوێندێ لەسەر ئیسبات جێ بگرێ
٢- بە تەعلیق بە نەفـی تەفسيـری ئەکرێ
٣- سوێنـدیش لـە نەفیا لەسەر مەعنای خۆی
٤- تەعلیق بە ئیسبات تەفسیرە لە بۆی
بروانه، سەرچاوە: شەریعەتی ئیسلام، بەرگی ٣، لاپەڕە ٤٠٠، چاپی ١، ساڵی ١٩٧٠، بەغدا، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس).
———————————-
سەرچاوەکان:
١- السرخسي، محمد بن أحمد، المبسوط، دار المعرفة، بيروت، (ج٦، ص١٥٠) (المذهب الحنفي).
٢- ابن عابدين، محمد أمين، رد المحتار على الدر المختار، دار الفكر، بيروت، ١٩٩٢م، (ج٣، ص٣٥٥).
٣- سحنون، عبد السلام بن سعيد، المدونة الكبرى، دار الكتب العلمية، بيروت، ١٩٩٤م، (ج٢، ص٧٥) (المذهب المالكي).
٤- الدردير، أحمد بن محمد، الشرح الكبير على مختصر خليل، دار إحياء الكتب العربية، القاهرة، (ج٢، ص٣٦٤).
٥- الشافعي، محمد بن إدريس، الأم، دار المعرفة، بيروت، ١٩٩٠م، (ج٥، ص٢٥٩) (المذهب الشافعي).
٦- النووي، يحيى بن شرف، المجموع شرح المهذب ، دار الفكر، بيروت، (ج١٧، ص١٢٥).
٧- ابن قدامة، عبد الله بن أحمد، المغني، دار عالم الكتب، الرياض، ١٩٩٧م، (ج١٠، ص٣٥) (المذهب الحنبلي).
٨- البهوتي، منصور بن يونس، كشاف القناع عن متن الإقناع ، دار الكتب العلمية، بيروت، (ج٥، ص٢٣٧).
٩- ابن تيمية، أحمد بن عبد الحليم، مجموع الفتاوى ، مجمع الملك فهد، المدينة المنورة، ١٩٩٥م، (ج٣٣، ص٤٥).
١٠- ابن القيم الجوزية، محمد بن أبي بكر، إعلام الموقعين عن رب العالمين، دار الكتب العلمية، بيروت، ١٩٩١م، (ج٣، ص٤٠٥).
١١- العسقلاني، أحمد بن علي بن حجر، فتح الباري شرح صحيح البخاري ، دار المعرفة، بيروت، ١٣٧٩هـ، (ج٩، ص٣٩٠).
١٢- الشوكاني، محمد بن علي، نيل الأوطار، دار الجيل، بيروت، ١٩٧٣م، (ج٦، ص٢٥٢).
١٣- الزحيلي، وهبة، الفقه الإسلامي وأدلته، دار الفكر، دمشق، الطبعة الرابعة، (ج٩، ص٦٩٥٥).
١٤- القرضاوي، يوسف، فتاوى معاصرة، المكتب الإسلامي، بيروت، ٢٠٠٠م، (ج٢، ص٤١٥).
١٥- أبو زهرة، محمد، الأحوال الشخصية ، دار الفكر العربي، القاهرة، ١٩٥٠م، (ص٣٤٢).
١٦-عبد الكريم زيدان ،المفصل في أحكام المرأة والبيت المسلم، مؤسسة الرسالة، بيروت، ١٩٩٣م، (ج٨، ص١١٢).
١٧- الكبيسي، أحمد عبيد، الأحوال الشخصية في الفقه والقضاء والقانون، مطبعة الإرشاد، بغداد، ١٩٧٧م، (ج١، ص١٩٨).
————————————————
وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.




