سەروەرمان محەمەد (صلى الله عليه وسلم )، ئەو پەیامبەرە نازدارەیە کە خوای گەورە لە سەرووی هەموو دروستکراوەکانەوە ڕێزی لێ گرتووە و پلە و پایەی بەرز کردووەتەوە، کاتێک ورد دەبینەوە لە قورئانی پیرۆز، دەبینین پەروەردگار بە چەندین شێوازی جیاواز و بێوێنە، وەسفی جوانی و گەورەیی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەکات، نەک تەنها وەک پەیامبەرێک، بەڵکو خوای گەورە گرنگی بە وردترین وردەکارییەکانی ژیانی، جەستەی پیرۆزی، کەسوکاري و تەنانەت تەمەنیشی داوە.
لەم وتارە پڕ لە نوورەدا تیشک دەخەمە سەر ئەو ئایەتانەی کە گەواهیدەری ئەو عەشق و ڕێزلێنانە ئیلاهییەن بۆ خۆشەویستمان، محمد (صلى الله عليه وسلم ):
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەرز ڕایگرتووە و گرنگیی بە هەموو ئەو شتانە داوە کە پەیوەندییان بە سەروەرمانەوە (صلى الله عليه وسلم) هەیە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
١-گرنگیدان بە پۆشاکی پیرۆزی:
خوای گەورە لە قورئاندا ئاماژەی بە جلوبەرگ و پۆشاکی سەروەرمان کردووە و دەفەرموێت: وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ، واتە:وە بەرگ و پۆشاکت پاک ڕابگرە.
٢-وەسفکردنی ئەندامەکانی جەستەی پیرۆزی:
پەروەردگار بە جوانی و ڕێزەوە باس لە ئەندامە جیاوازەکانی جەستەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەکات بەو شێوەیەی خوارەوە:
١- سنگ:أَلَمْ نَشْرَحْ لَكَ صَدْرَكَ، واتە: ئایا ئێمە سنگتمان بۆ ئاوەڵا و فراوان نەکرد؟.
٢- پشت: الَّذِي أَنقَضَ ظَهْرَكَ، واتە: ئەو بارە گرانەی کە پشتی چەماندبوویتەوە ،لەسەرمان لابردی.
٣- دەستی ڕاست:وَلَا تَخُطُّهُ بِيَمِينِكَ،واتە بەدەستی ڕاستی خۆت هیچت نەدەنووسی، واتە ئومی بوویت، بەشێوەی گشتی ،بەلام وەک موعجیزە، لەکاتی نامەنوسین بۆ پاشاکانی جیهان دەی توانی بنوسێت.
٤-چاوەکان: وَلَا تَعْدُ عَيْنَاكَ عَنْهُمْ، واتە: چاوەکانت لەوان وەرنەگێڕە و لایان مەبە.
٥- زمان: فَإِنَّمَا يَسَّرْنَاهُ بِلِسَانِكَ، واتە: بەڕاستی ئێمە ئەم قورئانەمان بە زمانی تۆ ئاسان کردووە.
٦- دڵ: عَلَىٰ قَلْبِكَ لِتَكُونَ مِنَ الْمُنذِرِينَ، واتە: قورئانمان دابەزاندە سەر دڵت، بۆ ئەوەی ببیتە یەکێک لە ترسێنەران.
٧- ناخ و دەروون (الفؤاد): مَا كَذَبَ الْفُؤَادُ مَا رَأَىٰ، واتە: ئەوەی پێغەمبەر، بە دڵی بینی لە سەفەری ئیسراو میعراج ، چاوەکانی حاشای لێنەکرد و بەدرۆی نەزانی.
٨- بینایی: مَا زَاغَ الْبَصَرُ وَمَا طَغَىٰ، واتە: چاو و بینایی لای نەدا و لە سنوور دەرنەچوو،
٩- گرنگیدان بەوانەی دەوروبەر و کەسە نزیکەکانیشی کردووە: وَلَا مُسْتَأْنِسِينَ لِحَدِيثٍ، واتە: دەمە تەقێ و گفتوگۆ مەکەن لە ماڵی پێغەمبەردا، صلى الله عليه وسلم.
١٠- هاوسەرە پاکەکانی:وَأَزْوَاجُهُ أُمَّهَاتُهُمْ، واتە: خێزانەکانی پێغەمبەریش دایکی بڕوادارانن.
١١- سوێندخواردن بە تەمەنی پێغەمبەر،(صلی اللە علیە وسلم)، ئەمەش بەرزترین ئاستی ڕێزلێنانە، وەک عەبدوڵڵای کوڕی عەباس (ڕەزای خوایان لێ بێت) دەفەرموێت: خوای گەورە سوێندی بە تەمەنی هیچ کەسێک لە دروستکراوەکانی نەخواردووە، جگە لە تەمەنی، محەمەد (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت:لَعَمْرُكَ إِنَّهُمْ لَفِي سَكْرَتِهِمْ يَعْمَهُونَ، واتە:سوێند بە تەمەن و ژیانی تۆ ئەی محەمەد، بەڕاستی ئەو بێباوەرانە لە سەرخۆشی و گومڕایی خۆیاندا سەرگەردان و کوێرن بۆیە ناتناسن.
١٢- دانانی پێغەمبەر بە رەحمەت، بۆتەواوی جیهان، وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ،
ئێمە تۆمان نەناردووە تەنها بۆ ئەوە نەبێت کە ببیتە ڕەحمەت و سۆز بۆ هەموو جیهانیان.
١٣-شایەتیدانی خودا لەسەر ڕەوش، وَإِنَّكَ لَعَلَىٰ خُلُقٍ عَظِيمٍ، واتە: بەڕاستی تۆ لەسەر ڕەوشتێکی زۆر گەورە و بەرزیت.
١٤- پێشەنگ و نموونەی باڵای مرۆڤایەتی: لَّقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ ،واتە: بێگومان لە نێردراوی خودادا پێشەنگ و نموونەیەکی باش و جوان هەیە بۆ ئێوە.
١٥- سەڵاواتدانی خودا و فریشتەکان لەسەری،
إِنَّ اللَّهَ وَمَلَائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى النَّبِيِّ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا صَلُّوا عَلَيْهِ وَسَلِّمُوا تَسْلِيمًا، واتە: بەڕاستی خودا و فریشتەکانی سەڵاوات دەدەن لەسەر پێغەمبەر، ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە ئێوەش سەڵاواتی لەسەر بدەن و بە تەواوی سەلامی لێبکەن.
١٦- گرێدانی گوێڕایەڵیکردنی پێغەمبەر بە گوێڕایەڵیکردنی خوداوە: مَّن يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّهَ، واتە: هەر کەسێک گوێڕایەڵی پێغەمبەر بکات،بێگومان گوێڕایەڵی خودای کردووە.
١٧- رەخنە گرتن لێیەوە بەلام بە شێوەی دڵدانەوەو بێ نارەحەتی کردن، عَفَا اللَّـهُ عَنكَ لِمَ أَذِنتَ لَهُمْ ،واتە:خوا لێت خۆش بێ، بۆچی –بێ تاقیکردنەوە- مۆڵەتت بەدوو ڕووەکاندا.
—————————-
وصلی اللە على سيدنا محمد و على آله وصحبه وسلم.




